هەرێم نیوز
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی فەرمیدا وەڵامی سەرۆکی حزبێکی دایەوە و ڕایگەیاند، ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادەن بۆ دووئیدارەیی کردنی هەرێمی کوردستان.
وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێم قەوارەیەکی دەستوریی فیدراڵییە و بەرهەمی خوێنی شەهیدانە. ڕاشیگەیاند: "هەرچەندە هەوڵی بەردەوام هەبوون بۆ بە دوو ئیدارەیی کردنی هەرێم، بەڵام ڕێگا بەوە نادەین و ئەو هەوڵانە سەرناگرن."
لەبارەی چەکە ئەمریکییەکانەوە:
سەبارەت بە دەنگۆی ناردنی چەکی ئەمریکی بۆ لایەنێکی دیاریکراو، پێشەوا هەورامانی وتی: "ئەگەر ئەمریکییەکان چەکیان بە لایەنێک دابێت، خۆیان دەزانن بە کێیان داوە و درەنگ یان زوو ڕاستییەکە بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە."
تۆمەتبارکردنی سەرۆکی ئەو حزبە:
وتەبێژی حکومەت سەرۆکی ئەو حزبە (کە ناوی نەهێناوە) بە چەواشەکاری تۆمەتبار کرد و وتی: "سەرۆکی ئەو حزبە مافی ئەوەی نییە لە جیاتی دەزگا فەرمییەکان قسە بکات. قسەکانی ناڕاستن و دەیەوێت بەم شێوەیە گومان لەسەر خۆی و دارودەستەکەی لاببات."