دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بە بەشداریی کورد لە لیژنەی داڕشتنیدا، دەستووری نوێی سووریا دەخرێتە ڕوو

هەرێم نیوز

ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە بە بەشداریی کورد لە لیژنەی داڕشتنیدا، دەستووری نوێی سووریا دەخرێتە ڕوو، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە پرۆسەی یەکخستنەوەی دامەزراوەکان لەگەڵ دیمەشق بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی 4ـی 2026، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دوایین دیداریان لەگەڵ ئەحمەد شەرعی، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، کە کۆبوونەوەکە تیشکی خستووەتە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی یەکخستنەوەی نێوان هەردوولا، و کارکردن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە بەردەوامە، بەڵام پرۆسەکە بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، کە دۆسیەی پەروەردە تاوەکوو ئێستا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، بۆیە ڕێککەوتن کراوە سەردانێکی وەزاری بۆ شاری حەسەکە بکرێت بە مەبەستی دانانی میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی.

 سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانیش، ڕوونیکردەوە کە ئیدارەی دەروازەکان ڕێکخراوە و فەرمانبەرانی ئیدارەی خۆسەریش وەک خۆیان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لە پرسی دامەزراندنەکان کرد و ڕایگەیاند، کە کار دەکرێت بۆ تەواوکردنی دامەزراندنەکان لە بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتەکان، چونکە ناکۆکی لەسەر دامەزراندنەکانی پێشوو دروست بووە، بۆیە پرسەکە پێویستی بە کۆدەنگی هەیە بەبێ ئەوەی کارمەندانی ئیدارەی خۆسەر پەراوێز بخرێن، بەتایبەتی کە دامەزراندنی بەشێک لە بەڕێوەبەران لەلایەن حکوومەتی کاتییەوە کێشەدارە و دەبێت لێکتێگەیشتنی لەسەر بکرێت.

سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان و هێزە چەکدارەکان، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد، کە نوێنەرایەتیی ژنان هێشتا لاوازە و دەبێت ئەولەوییەتی پێ بدرێت، هاوکات دۆسیەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە بەرنامەی کاری داهاتوودایە. هەروەها ڕایگەیاند کە نوێنەرانی حەسەکە و کۆبانی بۆ پەرلەمانی سووریا هەڵبژێردراون، و بۆ لەمەودواش بە بەشداریی کورد لە لیژنەی داڕشتندا، دەستووری نوێی سووریا دەخرێتە ڕوو.

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە دۆسیەی زیندانییەکان کرد، کە هەرچەندە هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەی دیمەشقدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP