هەرێم نیوز
لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی ڕایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی ڕێڕەوی یاسایی لە دۆسیەکەیاندا ناگیرێتە بەر و دوای هەشت مانگ مانەوە لە زیندان، لە ئەمڕۆوە مانیان لە خواردن گرتووە.
پەیجی فەرمی لاهور شێخ جەنگی کە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "هەشت مانگە دوور لە هەموو عورفێکی دامەزراوەیی و یاسایی بە ناحەق زیندانی کراوین."
هۆکاری مانگرتنەکە:
لە پەیامەکەدا هاتووە کە تا ئێستا چاوەڕێی ڕێڕەوی یاساییان کردووە، بەڵام فشاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر دادگاکان، ڕێگرە لەوەی دۆسیەکە بگاتە دادگای تەمیز.
سەرکێشی بە ژیان:
لاهور شێخ جەنگی جەختی کردووەتەوە: "لەگەڵ کاک پۆڵاد بڕیارمانداوە لە ئەمڕۆوە مان لە خواردن بگرین تا ئەو کاتەی سەروەری یاسا بەدی دەکەین. ئامادەین سەرکێشی بە ژیانی خۆمانەوە بکەین تا هەموان بزانن کە ئێوە هیچ ڕۆڵێکتان بۆ دادگا و دامەزراوەکانی سلێمانی نەهێشتووەتەوە."