هەرێم نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان مژدەی بوژانەوەی سەرجەم بەنداو و پۆندەکان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە هەرێمی کوردستان لەڕووی ئاسایشی ئاوەوە لە دۆخێکی سەلامەتدایە.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، لە کۆی ٢٥ بەنداوی گەورە و بچووک لە هەرێمی کوردستان، ٢٢ بەنداویان بەهۆی بارانبارینی ئەمساڵەوە بەتەواوی سەرڕێژیان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاستی ئاوی هەر سێ بەنداوی دوکان، دەربەندیخان و گۆمەسپان زۆر زیادی کردووە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵیی ساڵانی ڕابردووەوە هێشتا سەرڕێژیان نەکردووە.
وتەبێژی وەزارەت ئاشکرای کرد کە جگە لە بەنداوەکان، سەرجەم پۆند و ڕێڕەوە ئاوییەکان بووژاونەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە حەوت ملیار مەترسێجا ئاو کۆکراوەتەوە. وتیشی: "پلانی وەزارەت بەو جۆرەیە کە تا کۆتایی مانگی ئایار (مانگی ٥) بەردەوام بین لە کۆکردنەوە و گلدانەوەی ئاو."
وەزارەتی کشتوکاڵ دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و جووتیاران کە بەهۆی ئەم ڕێژە زۆرەی ئاوەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵێکی سەلامەتدایە. ئەمەش سوودێکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ، بەرهەمهێنانی کارەبا و ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنێت و مەترسیی کەمئاوی بۆ هاوینی داهاتوو ڕەواندووەتەوە.