دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕاستیی فرۆشتنی زەوییەکانی ئەحمەدئاوا بە عەرەب ئاشکرا کرا؛ گەشتوگوزار ڕوونکردنەوە دەدات..

هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە فرۆشتنی زەوییە گەشتیارییەکانی سنوورەکە بە کەسانی بیانی دەکەن، هۆشداری توندیش دەداتە ئەو پەیج و لایەنانەی هەواڵی بێبنەما بڵاودەکەنەوە.

ڕاستی ڕووداوەکە چییە؟
دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە چەند کەسێکی "نا کورد" زەوییەکی گەشتیارییان لە هەڵەبجە کڕیوە، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگاکە ڕوونکردنەوەی دا و ڕایگەیاند: "ئەو زەوییەی باسی لێوە دەکرێت، موڵکی هاووڵاتییەکی ناوچەکەیە و تەنها بۆ ماوەی چوار مانگ بەکرێ دراوە بە کۆمپانیایەکی گەشتیاریی شاری بەسرە، بە مەبەستی پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا."

دەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی پارێزگاکە هۆشداری دەدەنە ئەو کەسانەی بۆ کۆکردنەوەی "لایک و کۆمێنت" هەوڵی تێکدانی ناوبانگی گەشتیاریی ناوچەکە دەدەن. جەختیش دەکەنەوە کە هەر هەوڵێک بۆ چەواشەکاری و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە و پۆلیس چاودێریی وردی بارودۆخەکە دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکات نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو هەواڵە "مەبەستدارانە" کە ئامانجیان ساردکردنەوەی گەشتیاران و لێدانی ئابووری ناوچەکەیە. ڕاشیانگەیاندووە کە هەڵەبجە بە ئارامی دەمێنێتەوە و کەرتی گەشتوگوزاریش لەژێر چاودێرییەکی وردی دەزگا پەیوەندیدارەکاندایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP