دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

فازڵ میرانی: هەر حکومەتێک لە بەغدا بەبێ پارتی وەک "مرۆڤێکی خاوەن پێداویستی تایبەت" دەبێت

هەرێم نیوز

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پێگەی پارتی لە بەغدا هێندە ستراتیژییە کە هیچ حکومەتێک بەبێ ئەوان سەرکەوتوو نابێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، فازڵ میرانی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕایگەیاند: "هەر حکومەتێک لە بەغدا بەبێ بەشداریی پارتی پێکبێت، وەک مرۆڤێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەبێت و توانای هەستان و بەڕێوەچوونی وەک پێویست نابێت."

گرنگترین خاڵەکانی لێدوانەکەی میرانی:

بایکۆت و پرۆسەی سیاسی: بایکۆتکردنی پارتی بە واتای کشانەوە نایەت، بەڵکو بۆ ڕاستکردنەوەی هاوسەنگییە لە عێراقدا.

پەیوەندیی پارتی و یەکێتی: میرانی جەختی کردەوە کە پارتی و یەکێتی هاوبەشن و ئاسان نییە هاوبەش نەبن، پرسی پۆستی سەرۆک کۆماریشی بە کێشەیەکی سادە وەسف کرد کە دەکرێت چارەسەر بکرێت.

کەرکوک و خاکی کوردستان: ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر کورد بە یەک لیست بوایە، پۆستی پارێزگار بۆ کورد دەبوو. وتیشی: "پارتی خاک نافرۆشێت و بە خوێنی شەهیدان پاراستوویەتی."

دۆخی ناوچەکە: میرانی پێی وایە بەشێکی زۆری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوەتەوە بە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران.

سەبارەت بە نزیکبوونەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ، فازڵ میرانی بە کورتی وتی: "سەردەم سەردەمی شۆکە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP