هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کۆبووەتەوە و هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی وەرزشی لە نێوان هەولێر و بەغدا کردووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی 4ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لەگەڵ عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کۆبووەتەوە و بە وردی دۆخی وەرزشییان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە بواری وەرزشدا کراوەتەوە.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە لە پشتیوانیکردنی بزاڤی وەرزشی و وەرزشکاران، کە بووەتە هۆی پێشکەوتن و پێشەنگبوونی یانە وەرزشییەکانی هەرێم و بەدەستهێنانی چەندین دەسکەوتی گرنگ لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بە گشتی.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە ڕۆڵی کارای عەدنان دەرجال کردووە بۆ پێشخستنی بزاڤی وەرزشی لە عێراق، و تەواوی پشتیوانیی خۆی بۆ کارەکانی ناوبراو دووپات کردووەتەوە.