هەرێم نیوز
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامارێکی مەترسیدار و نوێی لەبارەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێم بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەولێر پایتەخت پشکی شێری لەو هێرشانە بەرکەوتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تەنها لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ٨٠٩ هێرش بووەتەوە. زۆرینەی ئەم هێرشانە ئاراستەی شاری هەولێر کراون و شوێنی مەدەنی، کەرتی تایبەت و سەر و ماڵی هاووڵاتییانیان کردووەتە ئامانج.
حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران) لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵەوە، هەرێمی کوردستان بووەتە یەکەم ناوچە کە بەبێ ئەوەی بەشدار بێت لە جەنگەکە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. ئامارەکان باس لە ٢٠ شەهید و ١٢٣ بریندار دەکەن، جگە لە زیانی ماددیی سەدان هاووڵاتی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە بە "بیانووی جیاواز و بێ بنەما" ئەنجام دەدرێن. هەرچەندە وڵاتانی جیهان بەردەوام سەرکۆنەی ئەم هێرشانە دەکەن، بەڵام هێرشەکان بۆ سەر سەروەریی هەرێم و عێراق بەردەوامن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا دەکات، بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت لە پاراستنی سەروەریی خاک و سزادانی بکەرانی ئەم "هێرشە تیرۆریستییە ناڕەوایانە" کە ئاسایشی ناوچەکەیان خستووەتە مەترسییەوە.