هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هاوکاریی دارایی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ مانگی ئازار گەیشتووە و لە ئەمڕۆوە دەخرێتە خزمەت پێشمەرگەکانەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: "هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی ٣ی ئەمساڵ خراوەتە سەر هەژماری وەزارەت." ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) سەرجەم ڕێکارە یاسایی و داراییەکانی تەواو کردووە و ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئەم هاوکارییە داراییەی هاوپەیمانان لە دوای دەستپێکردنی شەڕی دژ بە داعش لە ساڵی ٢٠١٤ وەک پشتیوانییەک بۆ هێزی پێشمەرگە دەستیپێکرد و تا ئێستاش، سەرەڕای کەمبوونەوەی بڕەکەی، بەردەوامی هەیە.