دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی نەوت؛ ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆری کەرکوک - جەیهانەوە هەناردە دەکەین

هەرێم نیوز

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێڵی بۆری نەوتی (کەرکووک-جەیهان) لە ڕێگەی فیشخابوورەوە کارا دەکرێتەوە، ئەوەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژانەی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە دروست بوون.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، کاراکردنەوەی ئەم هێڵە بەشێکە لە پلانێکی ستراتیژی بۆ زیادکردنی ئاستی هەناردەکردنی نەوت و دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمزەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە.

ساحب بەزوون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئەم هێڵە لە قۆناغی ئێستادا دەتوانێت ڕۆژانە نزیکەی ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لە کاتێکدا توانای کۆتایی هێڵەکە دەگاتە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە تەنها ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەگاتە بەندەری جەیهان.

وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت جەختی کردەوە کە بەغدا کار بۆ سوودوەرگرتن لە هەموو ڕێگەکان دەکات، لەوانە گواستنەوە بە تانکەر و بەردەوامبوونی کارکردن بە هێڵی بەندەری بانیاسی سووریا، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە جێگیربوونی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئەم هەنگاوەی عێراق لە کاتێکدایە کە بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، گەرووی هورمز کە ڕێڕەوی سەرەکیی وزەی جیهانە داخراوە، ئەمەش عێراقی ناچار کردووە بە خێرایی پەنا بۆ بۆرییەکانی باکوور و بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست ببات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP