هەرێم نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق مژدەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە سەرجەم کێڵگەکان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییان بە کۆمپانیا گەورەکانەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ.
ساحیب بەزوون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "هەناردەی نەوت لە هەموو کێڵگەکان لە چەند ڕۆژی کەمی ئایندەدا دەستپێدەکاتەوە و سەرجەم کێڵگەکان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادەن." ئاماژەی بەوەش کرد کە دەرگا لەبەردەم هەموو کۆمپانیاکان و کەشتییە گواستەرەوەکان کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست.
هەمەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردە:
وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت ئاشکرای کرد کە کار لەسەر هەمەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن دەکرێت، نەک تەنها بۆ نەوتی خاو بەڵکو بۆ "نەوتی ڕەش"یش. وتیشی: "پەلەکردن لە هەناردەکردنی نەوت، سەقامگیریی ئابووری و زیادبوونی داهات بۆ دەوڵەت بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و کارەبا:
بەپێی پەیامی وەزارەتەکە، دەستپێکردنەوەی هەناردە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەبێت، بەتایبەت غازی شل و وشک، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕ و بەردەوامیی کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرانسەری وڵاتدا.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە عێراق هەوڵ دەدات ئاستی داهاتی خۆی بەرز بکاتەوە و سوود لە بەرزبوونەوەی نرخ و خواستی جیهانی وەربگرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییانەی کە بەهۆی وەستانی هەناردە لە هەندێک ناوچە دروست ببوون.