دواین هەواڵ

ئابوری‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی بازرگانی: نزیکەی نۆ ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیاران خەرج کرا

هەرێم نیوز

وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی ٦٠ ملیار دیناری بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران داوە، و لەو بڕەش نزیکەی نۆ ملیار دیناری وەک بەشی چوارەم بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی 4ـی 2026، سەروەر هاوراری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا ٦٠ ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیارانی عێراق خەرج بکات، و لەم بڕەشدا هەشت ملیار و ٩٤٥ ملیۆن دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی سەبارەت بە چۆنیەتیی دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بەسەر پارێزگاکاندا ئاشکرای کرد، کە پارەکە بریتییە لە دوو ملیار و ٨٤٢ ملیۆن دینار بۆ هەولێر، سێ ملیار و ٤٩٨ ملیۆن دینار بۆ سلێمانی، و دوو ملیار و ٦٠٥ ملیۆن دیناریش بۆ پارێزگای دهۆک.

کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ گەنمی ساڵی ٢٠٢٥ بریتییە لە ٣٠١ ملیار و ٥٠٧ ملیۆن دینار. لەو بڕەش تاوەکوو ئێستا وەزارەتی بازرگانیی عێراق تەنیا ٩٦ ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دیناری بە سێ قۆناغ ناردووە. بەمەش بڕی ٢٠٤ ملیار و ٧٥٧ ملیۆن دیناری دیکە ماوە بینێرێت، کە دەکاتە نزیکەی ٦٨٪ـی کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی جووتیاران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP