هەرێم نیوز
پڕۆسەی گواستنەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی سعودیە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج بەردەوامیی هەیە و تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار حاجی گەیشتوونەتە سعودییە.
کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٨٨٠ حاجی بە سەلامەتی گەیشتوونەتە خاکی سعودیە.
ئاماژەی بەوەش دا کە بە هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ئەوقاف، توانرا گەشتی حاجیان بکرێتە ئاسمانی و هەموو گەشتەکانیش لە خشتەی دیاریکراوی خۆیاندا بەڕێدەکرێن.
وتەبێژی حەج و عومرە ئاشکرای کرد، کە ئەمساڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پێناو خزمەتکردنی باشتر و کەمکردنەوەی ئەرکی سەرشانی حاجیان، بە بڕی دوو ملیار و هەشت سەد ملیۆن دینار پاڵپشتیی دارایی پڕۆسەی حەجی کردووە.
سەبارەت بە گەشتەکانی ئەمڕۆ و سبەی، کاروان ستونی وردەکارییەکانی خستە ڕوو:
• ئەمڕۆ: ١٤٧ حاجی لە زاخۆوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون.
• سبەی: ١٤٧ حاجی دیکە لە سلێمانییەوە گەشتەکەیان ئەنجام دەدەن.
بەپێی خشتەی دیاریکراو، بڕیارە تاوەکو ١٧ی ئەم مانگە تەواوی حاجیانی هەرێمی کوردستان بگەنە سعودیە. لە ئێستاشدا تیمەکانی حەج و عومرە لە سعودیە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پێشوازیکردنی گەرم لە میوانانی خودا و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانیان.