هەرێم نیوز
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا وردەکاریی نوێی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، ئۆپۆزسیۆنی سوریا و دەوڵەتی تورکیا ئاشکرا کرد.
ئەسەد و شکستی گفتوگۆکان
عەبدی لەبارەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ڕژێمی سوریاوە دەڵێت: "پیاوێکی گەمژە و لووتبەرز بوو، تەنانەت گوێی لە هاوپەیمانە ڕووسەکانیشی نەدەگرت." ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆک بەرهەم ساڵح دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەسەد پێی ڕاگەیاندووە کە بیرکردنەوەکانی بەشار هیچ بنەمایەکی ئەرێنییان تێدا نییە.
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و ڕژێم
فەرماندەی هەسەدە چەند ڕاستییەکی سەربازیی خستە ڕوو:
• دەرکردنی ئێرانییەکان: عەبدی ڕایگەیاند کاتێک بۆیان دەرکەوتووە ئێران هەوڵی دروستکردنی هێزی خێڵەکی دەدات، لە ناوچەکە دەرکراون.
• دیلگرتنی سەربازان: هەزاران سەربازی ڕژێمیان بە دیل گرتووە و دواتر ڕادەستی بنەماڵەکانیان کردوونەتەوە.
• خیانەتی دیمەشق: عەبدی دەڵێت لەکاتی کشانەوەدا ڕێککەوتنیان هەبووە، بەڵام دیمەشق خیانەتی لێکردوون و هێرشی کردوونەتە سەر، ئەمەش پێویستی بە داوای لێبووردن هەیە.
پێشنیازەکەی ئەحمەد شەرع و دۆخی ناوخۆی ڕۆژاڤا
مەزڵوم عەبدی ئاشکرای کرد کە ئەحمەد شەرع (جۆلانی) پێشنیازی پۆستێکی سیادیی بۆ کردووە لە حکومەتی نوێدا، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "من لە ڕۆژاڤا کاری لە پێشینەترم هەیە کە پەیوەندییان بە یەکگرتوویی کوردەوە هەیە."
پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا؛ لە ئەمنییەوە بۆ سیاسی
لە گۆڕانکارییەکی بەرچاودا، عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا لە دۆخێکی "نیمچە ئاسایی"دایە و ئەوەی هەیە ئاگربەستێکی بەرهەمی پرۆسەی ئاشتیی ناوخۆی تورکیایە. عەبدی وتی: "هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەنقەرە لە ئەمنییەوە بگۆڕین بۆ سیاسی و ڕەنگە سەردانی تورکیاش بکەم."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختیشی کردەوە کە تاوەکو ئێستا چەندین جار ڕووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە ئەرکەکانی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژاڤا.