هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای دیالە، ڕایدەگەیەنێت، هێڵەکانی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووبارە کەوتوونەتەوە گەڕ، و ئەم هەنگاوەش بووەتە هۆی زیادبوونی 120 مێگاوات لە توانای وزە بۆ ناو تۆڕی نیشتمانیی پارێزگاکە.
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی 5ـی 2026، میقداد عەلی عەواد جورانی، بەڕێوەبەری لقی دابەشکردنی کارەبای دیالە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای تەواوکردنی هەموو پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان، هەردوو هێڵی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ هەرێمی کوردستان (کەلار 1 و کەلار 2) بە توانای 132 کەی ڤی خراونەتەوە کار.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کارپێکردنەوەی ئەم دوو هێڵە بووەتە هۆی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان بە بڕی 120 مێگاوات بۆ ناو تۆڕی کارەبای پارێزگاکە.
ڕاشیگەیاند، ئەم هەنگاوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر زیادکردنی پشکی کارەبای دیالە و باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان، جگە لە جێگیرکردنی ئاستی ڤۆڵتیە لە ناوچەکانی باکووری پارێزگاکەدا.
بەڕێوەبەری کارەبای دیالە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەم ئەنجامە بە پاڵپشتی و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی وەزارەتی کارەبا بەدەستهاتووە، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە سەرچاوە بەردەستەکانی وزە و بەرزکردنەوەی ئاستی تۆڕی کارەبای نیشتمانی.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، کارپێکردنەوەی ئەم هێڵانە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی فشار لەسەر وێستگەی گۆڕینی دیالە 400 کەی ڤی، و ئەمەش نەرمی و سەقامگیرییەکی زیاتر بە سیستمی کارەبا دەبەخشێت و متمانەی هاوڵاتییان بە تۆڕی کارەبا لە سەرانسەری پارێزگاکەدا بەرز دەکاتەوە.