دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی: ئامانجی سەرەکیمان کۆتاییهێنانە بە چەقبەستوویی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت

هەرێم نیوز

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هاوكات گەشبینیی قووڵی خۆیشی نیشان دەدات بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەمڕۆ شەممە (٣٠ی ئایاری ٢٠٢٦)، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بانگەوازەکەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی زۆر ڕوونە کە تێیدا داوای نزیکبوونەوەی لایەنەکان و چارەکردنی ڕیشەییی کێشەکان دەکات."

مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی فەرمیی پارتی پێشتر سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کردووە و ئێستاش دەرگای ئەوان بە ڕووی هەموو هێز و لایەنەکاندا کراوەیە. جەختیشی لەوە کردەوە، کە حزبەکەی بەردەوام دەبێت لە کۆششەکانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە سیاسییەی ئێستا.

وتەبێژی پارتی ڕوونی کردەوە: "ئامانجی سەرەکیی ئێمە شکاندنی ئەو بەستەڵەکەیە کە دروست بووە، بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەم چەقبەستووییە بهێنین کە لە پرسی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا هاتووەتە ئاراوە. ئێمە هەموو هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەکان دەخەینەگەڕ."

لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە کوردستانییەکان، مەحموود محەمەد پشتیوانیی حزبەکەی بۆ هەر دەستپێشخەرییەک دەربڕی کە خزمەت بە کایەی یەکڕیزی بکات و وتی: "ئێمە پشتگیری لە دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکەین و هەمیشە پاڵپشتی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەش بووین کە هەوڵەکانیان بۆ تێکشکاندنی ئەم بەستەڵەکە نێوخۆییە خستووەتەگەڕ."

سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وتەبێژی پارتی ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی ئەرێنییان پێکەوە ئەنجامداوە و لەسەر چەند پرسێکی دیاریکراویش گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

لە تەوەری تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا، مەحموود محەمەد گەشبینیی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە، دوای سەردانی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت بەرەو قۆناغێکی زۆر باشتر و جێگیرتر دەچێت."

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆتایی وتەکانیدا جەختی لە بەرپرسیارێتیی دەستووریی بەغدا کردەوە و وتی: "پێویستە حکوومەتی فیدراڵی بۆ چارەکردنی کێشەکان بێتە سەر هێڵ و لەم بارەیەشەوە بەڵێنی فەرمییان داوە کە کار بۆ چارەسەرەکان بکەن."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP