هەرێم نیوز
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەسەر پێشنیازی هەرێمی کوردستان و پاش سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، لیژنەیەکی باڵای هەماهەنگیی هەمیشەیی لە نێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێنرێت. هاوكات جەختی کردەوە کە هەرێم ئامادەی هەموو جۆرە ئاسانکارییەکە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بە مەبەستی تێپەڕاندنی تەنگژە داراییەکانی ناوچەکە.
پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش و هەمیشەیی
ئەمڕۆ چوارشەممە (١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، پێشەوا هەورامانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا سێ تەوەری سەرەکی (پرسی نەوت، ڕێکخستنەوەی داهاتە نانەوتییەکان لە ڕێگەی سیستەمی ئەسیکۆدا، و پێکهێنانی لیژنەی باڵای هاوبەش) تاووتوێ کران.
سەبارەت بە لیژنە هاوبەشەکە، گوتەبێژی حكوومەت ئاماژەی بەوە دا کە حكوومەتی فیدراڵ پێشوازیی لە پێشنیازەکەی هەرێم کردووە و وتی: "ئەم لیژنەیە هەمیشەیی دەبێت و ئامانجی تەنیا قسەکردن نییە لەسەر گرفتەکان، بەڵکوو کار بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا دەکات." ئاشکراشی کرد کە ئەندامانی لیژنەکە بەشێکیان جێگیر دەبن و بەپێی جۆری دۆسیە و بوارەکانیش دەکرێت گۆڕانکاری لە ئەندامەکانیدا بکرێت.
مەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان؛ ٣٣ جار هێرش کراوەتە سەرمان
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، پێشەوا هەورامانی تیشکی خستە سەر پرسی نەوت و ڕایگەیاند، شاندی حكوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان (ئەپیکۆر) لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیان کردووە و هەرێم ئامادەی تەواوی هاوکارییەکانە.
سەبارەت بە مەرجی کۆمپانیا بیانییەکان، گوتەبێژی حكوومەت ئاشکرای کرد: "کۆمپانیاکان ڕاستەوخۆ داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە گەرەنتیی پاراستنیان پێ بدات؛ چونکە لە ڕابردوودا نزیکەی ٣٣ جار لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە دەیانەوێت لەمەودوا دڵنیابنەوە لە پاراستنی ستافەکانیان، ئەمە جگە لە داواکارییان بۆ پێداچوونەوە بە تێچووی بەرهەمهێنان."
هەورامانی هۆشداریی لە دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و وتی، ئەم جەنگ و گرژییانە قەیرانێکی دارایی قورسیان بەسەر وڵاتانی ناوچەکە و عێراق و هەرێمدا سەپاندووە، بۆیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە، هەرێم پاڵپشتیی هەنگاوەکانی بەغدا دەکات بۆ ناردنەدەرەوەی نەوت.
سیستەمی ئەسیکۆدا، پڕۆژەی ڕووناکی و کێشەی بەنزین
لە پێوەست بە ڕێکخستنەوەی گومرگ و داهاتەکان، گوتەبێژی حكوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" نییە و تەنیا پێویستی بە کات بوو بۆ گونجاندنی ژێرخانەکەی؛ ڕوونیشیکردەوە کە ئێستا هەرێم بە تەواوی ئامادەیە و چاوەڕێی تیمی حكوومەتی فیدراڵییە بۆ دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەی هاوبەش.
سەبارەت بە پرسە ناوخۆییەکان و پڕۆژەی گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری (پڕۆژەی ڕووناکی)، ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی دابینکردنی کارەبای بەردەوامە بۆ هاووڵاتییان بە تێچوویەکی کەمتر. ئاماژەی بەوەش کرد لە سەرەتای پڕۆژەکەدا هەندێک کێشەی تەکنیکی هەبوون کە بوونە هۆی بڕانی کارەبا، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو گرفتەکان چارەسەر دەکرێن.
لە کۆتاییدا سەبارەت بە کەمبوونەوەی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمدا، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و جەختی کردەوە کە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵن و گرفتەکە کاتییە و بە زوویی کۆتایی دێت.