هەرێم نیوز
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند کە هیوادارن تەواوی ململانێ و کێشە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن و جەختیشی کردەوە کە دەستپێشخەرییەکەی بارزانی دواین هەوڵی ڕژدە بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە (١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، فازڵ میرانی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە هیواداری کۆتایهاتنی سەرجەم کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانین؛ دواین هەوڵیش کە لەم پێناوەدا دراوە، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بووە بۆ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی نێو گۆڕەپانەکە."
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی وتیشی: "تەمەننا دەکەین و هیوادارین هێزە سیاسییەکان وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە بدەنەوە بە ئاراستەی دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و جێبەجێکردنی ئەو لەیەکتری خۆشبوون و تەباییەی کە سەرۆک بارزانی داوای کردووە."
فازڵ میرانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی کردەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە لەم قۆناغەدا بەرژەوەندیی باڵای ئەم وڵاتە و ئەم میللەتە بخەینە سەرووی بەرژەوەندیی تایبەتیی سەرجەم حزبەکانەوە. ئەگەر ئێمە بتوانین ئەم بنەمایە پەیڕەو بکەین، بێگومان زۆرینەی هەرە زۆری کێشەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان بە ئاسانی چارەسەر دەبن."