هەرێم نیوز
دەزگای توێژینەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا (CRS) ڕایدەگەیەنێت، ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 نزیکەی 119 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، بەو مەرجەی ئەم یارمەتییە بۆ سنووردارکردنی ئەو گروپە چەکدارانە بەکاربهێنرێت کە هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی 6ـی 2026، ڕاپۆرتێکی نوێی دەزگای توێژینەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن ئامادەیە بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان، بەڵام ئەم پاڵپشتییە چڕ دەکرێتەوە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و قۆرخکردنی چەک لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە پرۆژە یاسای بەرگری ساڵی 2027، بەردەوامبوونی بەشی زۆری هاوکارییەکانی بە مەرجی کەمکردنەوەی توانای گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت و زیادکردنی کۆنتڕۆڵی حکومەتی بەغدا بەسەر پێکهاتە ئەمنییەکاندا داناوە.
چاودێران پێیان وایە ئەم ڕێبازە دەرفەتێکی گرنگە بۆ حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، تا پلانەکانی بۆ بەهێزکردنی سەروەری نیشتمانی و چەسپاندنی دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکان جێبەجێ بکات.
ئەگەر چاکسازییە خوازراوەکان جێبەجێ بکرێن، ئەم هاوکارییە دەبێتە هۆی باشترکردنی تواناکانی هێزە فەرمییەکانی عێراق و زیادکردنی سەقامگیری ئەمنی وڵاتەکە.
شرۆڤەکاران جەخت لەوە دەکەنەوە، بەستنەوەی هاوکارییە دەرەکییەکان بە پتەوکردنی سەروەری حکومەتەوە، بەغدا دەخاتە سەر ڕێگای دروستکردنی پێکهاتەیەکی ئاسایشی یەکگرتوو و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەو ئەکتەرە چەکدارانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی حکومەتدان.