هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی هێرش دەکاتە سەر سەرکردایەتیی سیاسیی ئێران و ڕایدەگەیەنێت، ئەو مەرجانەی تاران لە میدیاکانەوە دزەی پێکردوون لەبارەی ڕێککەوتنەوە، تەواو درۆن و هیچ پەیوەندییەکیان بەو مەرجە نووسراوانەوە نییە کە لە واقیعدا بوونیان هەیە.
ئەمڕۆ هینی (١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا سەبارەت بە دۆسیەی دانوستانەکان و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە ڕایگەیاند: "ئەو مەرجانەی کە ئێران دزەی پێکردوون بۆ میدیاکان سەرتاپایان درۆن، هیچ پەیوەندییەکیان بەو مەرجانەوە نییە کە بە نووسراو ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە کایە سیاسییەکەی تاران کرد و وتی: "ئەوەی ئێرانییەکان وتوویانە، بە تایبەت لێدوانە لاواز و جێی بەزەیییەکانیان سەبارەت بە نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، بە تەواوی لە ڕاستییەوە دوورە." جەختیشی کردەوە کە ئێرانییەکان لە مامەڵەی سیاسیدا پاک نین و ئەو چەمکەی پێی دەوترێت "نیازپاکی" لە فەرهەنگی ئەواندا بوونی نییە.
لە پەرەسەندنێکی مەیدانیی مەترسیداردا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە هێرشە دەریاییەکانی ئەمدواییەی ئێران کرد و ڕایگەیاند: "هێرشە درۆنییەکانی دوێنێ شەوی ئێران بۆ سەر کەشتییە هیندییەکان کە لە گەرووی هورمزەوە دەپەڕینەوە، بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە."
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی تاران کرد و ڕایگەیاند: "باشترە ئێرانییەکان بە پەلە و بە زووترین کات دۆخی ناوخۆیی و ڕەفتارەکانی خۆیان ڕێکبخەنەوە، بەرلەوەی ڕووبەڕووی دەرئەنجامی قورستر ببنەوە."