هەرێم نیوز
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە لێدوان و ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمدواییە ڕایگەیاند، کە تاران هیچ شتێک لەو زانیارییانە پشتڕاست ناکاتەوە کە لەبارەی وردەکاریی بڕگەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بڵاودەکرێنەوە.
ئەمڕۆ هەینی (١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دۆسیەی دانوستانەکان و ڕایگەیاند: "ڕێڕەوی ئێمە لە دانوستانەکاندا لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی ئەنجامی کۆنکرێتییە؛ لە نزیکەوە چاودێریی تەواوی هەڵوێستەکانی لایەنی بەرامبەر دەکەین و لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵوێستی فەرمیی خۆمان وەردەگرین."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە نزیکبوونەوەی هەردوولا دەکەن، ئاماژەی بەوە کرد: "وتنی ئەوەی کە ئێمە زۆر نزیکین لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا، بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام ئێمە هەمیشە ئەزموونە تاڵ و شیرینەکانی ڕابردوومان لەگەڵ واشنتندا لەبەرچاو دەگرین."
کۆدەنگیی ناوخۆیی تاران و کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە
بەقایی ئاشکرای کرد، سەرەڕای ئەوەی لەسەر بەشێکی بەرچاو لەو بابەتانەی لە گفتوگۆکاندا باس کراون لێکتێگەیشتن کراوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، پێویستە کۆدەنگیی تەواو لە نێوان لایەنە بڕیاردەرەکان و سەرجەم ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆی ئێراندا بەدی بهێنرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە: "تا ئەو کاتەی لە ناوخۆی ئێراندا نەگەینە بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت قسە لەسەر دیاریکردنی کات و شوێنی فەرمیی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بکرێت."