هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ڕایگەیاند، کە بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی و پچڕانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە دیوی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازەکەیانەوە تا کاتێکی نادیار بە تەواوی ڕاگیراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی باشماخ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرلەبەیانی دوێنێ پێنجشەممەوە، سیستەمی ئەلیکترۆنی لە مەرزی باشماخ لە دیوی ئێران کێشەی تێکەوتووە و پچڕاوە، بەو هۆیەشەوە لە ئێستادا سەرجەم هاتوچۆ و گەشتەکان بەرەو ئەو وڵاتە لەم دەروازەیەوە ڕاگیراون.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرپرسانی دەروازەی باشماخ لە لایەنی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی بەردەوام و چڕدان لەگەڵ بەرپرسانی مەرزی باشماخ لە دیوی ئێران، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا بۆ کێشە تەکنیکییەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەکە جەختیشی کردووەتەوە، تاوەکو ئەم ساتە کێشەی سیستەمەکە چارەسەر نەکراوە و هاتوچۆی گەشتیاری تا کاتێکی نادیار بەستراوە؛ هاوکات بەڵێن دەدەن لە کاتی چاککردنەوەی سیستەمەکە و کردنەوەی دەروازەکە بەڕووی هاوڵاتیاندا، بە فەرمی هەموو لایەک ئاگادار بکەنەوە.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، دەروازەی باشماخ ڕێگەیەکی جێگرەوەی خستووەتە ڕوو و ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا هاوڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن بۆ ئەنجامدانی گەشتەکانیان بۆ ناوخۆی ئێران، مەرزی نێودەوڵەتیی "شۆشمێ" وەک جێگرەوە بەکاربهێنن تاوەکو دۆخی باشماخ ئاسایی دەبێتەوە.