دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە لەژێر ناوی دەڵاڵیدا بازرگانیی بە کچانی تەمەن بچووکەوە دەکرد

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیربکەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەژێر ناوی دەڵاڵیدا، کاری بۆ مارەکردنی کچانی تەمەن نێوان ١٤ بۆ ١٥ ساڵ دەکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی 6ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، هێزەکانیان بە هاوئاهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، توانیویانە تۆمەتبارێک بە ناوی (س. ع. ڕ.) دەستگیر بکەن.

پۆلیسی هەولێر لەبارەی شێوازی کارکردنی تۆمەتبارەکەوە ئاشکرای کردووە، ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی وەک دەڵاڵێک ناساندووە کە گوایە کاری دۆزینەوە و مارەکردنی ژنانی (سووری و عەرەب) دەکات بۆ پیاوانی کورد، کە تەمەنی ئەو کچ و ژنانە تەنها ١٤ بۆ ١٥ ساڵ بووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاش کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و چاودێریکردنی جووڵەکانی، هێزە ئەمنییەکان توانییان شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکەن و لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستگیری بکەن. 

لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە و تۆمەتبارەکە ڕادەستی دادگا کراوە تاوەکو ڕێکارە یاساییە توندەکانی بەرامبەر بگیرێتەبەر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP