دواین هەواڵ

کوردستان‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: پێویستە کورد لە پرۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدار بێت

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد و جەختی لە گرنگیی یەکهەڵوێستیی کورد لە سووریا و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی 6ـی 2026، لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سووریا، بارودۆخی ناوچە کوردییەکان و ئەنجامەکانی ئەم دوایییەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل لە سووریا تاوتوێ کران. 

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر ڕۆڵی کاریگەری ئەنەکەسە و گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان سەرجەم لایەنە کوردییەکان کردەوە. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هانی ئەنەکەسەی دا لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشە سیاسییەکان و پاراستنی سەقامگیری، پەیوەندی و هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق پەرە پێ بدەن.

لای خۆیەوە، شاندی ئەنەکەسە کورتەیەکیان لەبارەی چالاکییە سیاسییەکانیان خستە ڕوو و سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستانیان بۆ کوردانی سووریا کرد. 

لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و جموجووڵەکانی ئەم دوایییەیان لە ناوچەکەدا گفتوگۆی لەبارەوە کرا. 

لەم چوارچێوەیەدا، تیشک خرایە سەر سەردانی ئەم دوایییەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی، کە تێیدا جەخت لە پەرەپێدانی هاوکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرایەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP