هەرێم نیوز
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا، لە کۆشکی شەرعی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سوریا کۆ بووەوە.
ئەم سەردانە کە یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای عێراقە لەم ئاستەدا لەدوای گۆڕانکارییەکانی کۆتایی ساڵی 2024، ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی حکومەتی نوێی عێراقە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیدارەی سوریا. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات دەستیان بە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری بانیاس و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەم سەردانەدا فوئاد حسێن لەگەڵ بەرپرسانی سوریا گفتوگۆ لەسەر دۆسیە سیاسی، ئەمنییەکان، ئابووری و بازرگانییەکان دەکات. هەروەها تیشک دەخرێتە سەر پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی، لەگەڵ داڕشتنی میکانیزم بۆ بەهێزکردنی گفتوگۆکان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان، بەو پێیەی هەردوو وڵات خاوەنی زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشن.
ئەم سەردانە لەسەر بنەمای پەیامەکەی ڕۆژی 10ـی ئەم مانگەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەحمەد شەرع دێت، کە تێیدا جەخت لەسەر فراوانکردنی بواری هاوکارییەکان بە تایبەت لە ئاسایش و ئابووری کرابووەوە.