هەرێم نیوز
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشیمانی شیعە جارێكی دیكە پشتگیری خۆی بۆ هەڵمەتێکی فراوانی حکومەت دژی گەندەڵکاران ڕاگەیاند و داوای لە لایەنگرانی کرد لە ڕێگەی وەستانێکی ئاشتییانەوە لە ڕۆژی هەینیدا، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق و دروشمەکانی چاکسازی، پشتیوانی لەو هەنگاوە بکەن و دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری کرد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
موقتەدا سەدر، ئەمڕۆ دوشەممە لە پەیامێکی فەرمیدا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاند کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستیپێکردوە. سەدر ئەم هەنگاوەی بە "هەڵمەتێکی چاکسازیی قارەمانانە" وەسفکرد.
سەدر ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەوڵانە دوای ساڵانێک لە هەیمەنەی گەندەڵکاران بەسەر وڵاتدا، دوبارە هیوای بۆ ناو دڵی هاوڵاتیانی عێراق گەڕاندوەتەوە. هاوکات ستایشی ڕۆڵی دادوەری و هێزە ئەمنییەکانی کرد، بەتایبەت هێزەکانی دژە تیرۆر و گەندەڵی، کە ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیەیان لەئەستۆ گرتوە.
وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ پشتیوانیکردنی ئەم پڕۆسەیە، موقتەدا سەدر داوای لە پێشنوێژانی نوێژی هەینی کرد کە لە هەینی داهاتودا سەرپەرشتی وەستانێکی ئاشتییانەی جەماوەری بکەن.
لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە پێویستە لەو گردبونەوەیەدا تەنها ئاڵاکانی عێراق و ئاڵای ئیمام حسێن وەک هێمای چاکسازی بەرز بکرێنەوە، بەتایبەت کە ئەم هەڵمەتە هاوکاتە لەگەڵ مانگی موحەڕەم. سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد بە شێوەیەکی ئاشتییانە پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەت بکەن بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی لە وڵاتدا.