دواین هەواڵ

عێراق‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

هەرەسی تۆمەتبارانی دۆسیە گەورەکەی گەندەڵی لە بەغدا؛ پەرلەمانتارە دەستبەسەرکراوەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە

هەرێم نیوز

مەلەفی لێکۆڵینەوە لە گەورەترین تۆڕی گەندەڵی و بەهەدەردانی دارایی گشتی لە کەرتی نەوت و پەرلەمانی عێراقدا زانیاریی کتوپڕ و شۆککەر بەخۆوە دەبینێت، کاتێک دەستگیرکراوە لەبەردەم دادوەراندا بە خێرایی هاتوونەتە زمان.

بریکاری وەزیری نەوت و لێکۆڵینەوە لە ٥٠ بەرپرس
ئێستا لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی دەستەی دەستپاکی عێراق لە ناوەڕاستی شاری بەغدا، نزیکەی ٥٠ بەرپرسی باڵا ڕاگیراون کە لە نێوانیاندا زیاتر لە ١٢ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوت و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی پێشووی حکومەت هەن. سەرەتای کرانەوەی ئەم دۆسیە تۆقێنەرە لە مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق دەستگیرکرا و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا نا کە چەندین بەرپرسی تری باڵا تێوەگلاون لە مامەڵە و گرێبەستە گەندەڵییەکان و وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار بەرتیل.

سەرچاوە عێراقییە ئاگادارەکان بۆ میدیا ناوخۆیی و عەرەبییەکان ئاشکرایان کردووە، سەرجەم دەستگیرکراوەکان لەژێر چاودێریی توندی دادوەریدان و سەردانیکردنیان لێ قەدەغە کراوە.

سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە کە هیچ کام لەم بەرپرسانە ڕووبەڕووی ئازاردانی جەستەیی یان ترساندن نەبوونەتەوە، بەڵکو تەنیا پشکنینی ناوەڕۆکی مۆبایلەکانیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، بەس بووە بۆ دۆزینەوەی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر کە وایکردووە زۆربەیان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای لێپرسینەوەدا بە تەواوی دان بە تۆمەتەکانیاندا بنێن.

بورانەوە و شۆکی جەستەیی تۆمەتباران
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین پەرلەمانتار و بەرپرس بەهۆی قورسایی تۆمەتەکان و ئاشکرابوونی بەڵگەکان تووشی شۆک و هەرەسی دەروونی و جەستەیی بوونەتەوە. ژنە پەرلەمانتارێکی دەستبەسەرکراو لە کاتی ئەنجامدانی خولی دووەمی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بێهۆش بووە و بوراوەتەوە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ شوێنی حەوانەوە تا هۆشی هاتووەتەوە، هاوکات پەرلەمانتارێکی تریش تووشی حاڵەتی مەینی خوێن بووە کە بە خێرایی لە لایەن تیمە پزیشکییەکانی زیندانەکەوە چارەسەری پێویستی بۆ کراوە.

سەبارەت بە ژیانی ناو زیندانیش، ئیدارەی گرتوخانەکە تەلەفزیۆنی بۆ داناون بەڵام بە تەواوی کۆنترۆڵی دەکات و تەنیا ڕێگەیان پێدراوە سەیری یەک کەناڵی وەرزشیی دیاریکراو بکەن.

دوورخستنەوەی پەرلەمانتارەکان لە دەسەڵات
لەسەر ئاستی سیاسی و پێگەی پەرلەمانی، سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کتوپڕ ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و بە تایبەتی دوای کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانانی پەرلەمان، ڕێکاری فەرمی دەگیرێتەبەر بۆ دوورخستنەوەی موسەننا سامەڕای و هیند عەباسی کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەرن.

پەرلەمان داواکاریی فەرمی ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات بۆ گۆڕینیان بە ئەندامانی نوێی تر، چاوەڕوانیش دەکرێت دوای ئەوە ناوی پەرلەمانتارانی تریش ڕابگەیەندرێت کە دەستیان لەم دۆسیە مەترسیدارەی دزینی سامانی گشتیدا هەبووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP