هەرێم نیوز
لە تەقینەوەیەکی کتوپڕی دۆسیەکانی گەندەڵیدا، پایتەختی عێراق و چەند پارێزگایەکی دیکە شاهیدی هەڵمەتێکی کەم وێنەی دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتاران بوون، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
هەڵمەتێکی بەرفراوان لە ناوچەی سەوز و پارێزگاکان
میدیا فەرمییەکانی عێراق بڵاویانکردەوە، کە بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئۆپراسیۆنێکی توندی ئەمنی لە چەندین ناوچەی بەغدا، بەتایبەتی لە ناو جەرگەی ناوچەی سەوز، مەدینەی سەدر و شەعب دەستیپێکردووە و درێژبووەتەوە بۆ پارێزگاکانی مووسڵ، دیالە و ئەنبار.
بەپێی دواین زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکان، تاوەکو ئێستا ١٢ بەرپرسی باڵای ئێستا و پێشوو، لەگەڵ ٨ ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەستگیرکراون و پرۆسەکەش هێشتا بەردەوامیی هەیە. هاوکات بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە کتوپڕە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدات.
ئاشکرابوونی ناوی پەرلەمانتار و بەرپرسە دەستگیرکراوەکان
سەرچاوە ئاگادارەکان پەردەیان لەسەر ناوی بەشێک لەو کەسایەتییە دیارانە لادا کە لەم ئۆپراسیۆنەدا دەستگیرکراون، لەوانەش:
. موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم.
.زیاد جەنابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پێشووی لیژنەی دەستپاکی.
. فەرحان فەرتووسی.
. عەلی مەعارج، بریکاری وەزیری نەوت.
. محەمەد سەیهود، ئامۆزای سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق.
. عالیە نوسەیف، مزر کروی، بەها نوری، هند عەباسی، حەسەنین خەفاجی، محەمەد کەربولی، محەمەد فەرمان و عەلا سەکەر (کە سەرجەمیان ئەندامی پەرلەمانی عێراقرن).
ئەم هێرشە ئەمنییە لە لایەن هێزێکی هاوبەشی گەورەوە جێبەجێ کراوە کە پێکهاتوون لە: دەزگای دژە تیرۆر، هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، دەستەی دەستپاکی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و پۆلیسی فیدراڵی.
دانیشتنە کەمەرشکێنەکانی عەدنان جومەیلی لە وەزارەتی نەوت
بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەم تەقینەوە ئەمنییە دوای ئەوە هات کە لە ماوەی ڕابردوودا عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق دەستگیرکرا. لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، جومەیلی دانپێدانانی مەترسیداری کردووە و ناوی ١٦٨ بەرپرسی باڵای هێناوە کە بەشدارن لە دۆسیە گەورەکانی گەندەڵیدا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، لە کاتی دەستگیرکردنی ناوبراودا و لە ناو ماڵەکەیدا، دەست بەسەر بڕی ٩٨ ملیار دیناری عێراقی، ١٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، سێ کیلۆگرام زێڕی خالس و سەدان پارچە چەکی جۆراوجۆردا گیرابوو، کە ئەمەش سەرەداوی سەرەکیی تەقینەوەی ئەم کەیسە گەورەیەیە لە مێژووی نوێی عێراقدا.