هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، بڕی ١٩ ملیار دیناری دیکە بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت گێڕدراوەتەوە، کە لە دۆسیەیەکی تایبەت بە کۆمپانیای گشتیی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق بە هەدەر درابوو.
دوێنێ سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی لە ناوچەی ڕەسافەی پایتەخت (بەغدا)، توانیویەتی بە شێوەیەکی یاسایی بڕی ١٩ ملیار دیناری عێراقی بگەڕێنێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، گێڕانەوەی ئەم بڕە پارە زەبەلاحە دوای ئەنجامدانی پرۆسەیەکی لێکۆڵینەوەی ورد و چڕ دێت لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵیی دارایی، کە تێیدا بە مەبەستی دزینی پارەی گشتی، دەستکاری لە لیست و کورتەی ئاماریی سپاردنی ئەو بڕە پارانەدا کرابوو کە تایبەت بوون بە کۆمپانیای گشتیی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە توندبوونەوەی هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی بەرپرسان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پەرلەمانتارانی تۆمەتبار بە گەندەڵی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، کە تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دادگادا، دەستیان بەسەر بڕی ١٧٠ ملیار دیناری کاش (نەختینە)دا گرتووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، غەنیمەت و دەستبەسەرداگرتنەکان تەنها پارەی کاش نەبووە، بەڵکو دەیان ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزی گرانبەها، چەندین قاڵبی زێڕی عەیارە جیاواز، چەکی جۆراوجۆری بێ مۆڵەت و تەنانەت چەندین ئەسپی ڕەسەنی گرانبەهای تێدایە، کە سەرجەمیان لە لایەن بەرپرسە تۆمەتبارەکانەوە لە پارەی گشتی کڕدرابوون و ئێستا خراونەتە ژێر ڕکێفی یاساوە.