دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێباز حەملان: ڕێککەوتنی نێوان بارزانی و زەیدی پرسی مووچەی لە کێشە سیاسییەکان جیاکردووەتەوە و پارەی مانگی شەش دێت

هەرێم نیوز

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دواین پێشهاتەکانی کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدای سەبارەت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران خستە ڕوو و دڵنیایی تەواوی دایە هاووڵاتییان.

مووچە بە هیچ کێشەیەکەوە نابەسرێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ لە بەغدا بوون و کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ وەزیری دارایی فیدراڵ ئەنجامداوە؛ دەرەنجامی کۆبوونەوەکەش ئەرێنی بووە و هیچ کێشەیەک لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش و مانگەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە و پارەکە دەنێردرێت."

یاریدەدەری سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر بنەمای سەرەکیی جێگیربوونی شایستە داراییەکان و وتی: "بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییەی کە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتەکەی عەلی زەیدی لە بەغدا واژۆی کردووە، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە هیچ جۆرە کێشەیەکی دیکەی سیاسی یان هونەرییەوە نابەسرێتەوە و پرۆسەی ناردنی پارەکە بەردەوام دەبێت."

داهاتی ناوخۆ و پرسی ١٢٠ ملیار دینارەکە
سەبارەت بە لایەنی هونەری و داهاتە ناوخۆییەکانیش، ڕێباز حەملان ڕوونکردنەوەی دا و ئاشکرای کرد: "لە ئێستادا تەنیا پرسی ڕێکخستنی داهاتی ناوخۆ ماوە. داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا کەمیکردووە و گەیشتووەتە ٨٦ ملیار دینار، هەر بۆیە داوامان کردووە ئەو بڕە پارەیەی کە پێشتر دیاریکرابوو (١٢٠ ملیار دینار) کەم بکرێتەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی دارایی بەغدا ڕایانگەیاندووە پێویست ناکات هەرێم ئەو ١٢٠ ملیار دینارە بنێرێت، بەڵکو پرۆسەی (مەقاسە) و هاوسەنگکردنی دارایی لە نێوان هەردوولادا بۆ دەکرێت. هاوکات وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە کە ئەم بابەتە بە فەرمی بباتە ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP