دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاوات شێخ جەناب: سەرەڕای قەیرانی دارایی، بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی ئەو سەرمایەدارانەی بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە کار دەکەن

هەرێم نیوز 

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەحمەد ئیسماعیل، سەرمایەداری نیشتمانی، بەڵێنی پشتیوانیکردنی شایستە داراییەکانی گروپی کۆمپانیاکانی ناوبراوی دا و ڕۆڵی ئەو گروپەی لە دابینکردنی ٦٥٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستاندا بەرز نرخاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی 6ـی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە ئەحمەد ئیسماعیل، سەرمایەداری نیشتمانی کرد و پرسی شایستە داراییەکانی گروپی کۆمپانیاکانی ناوبراویان تاوتوێ کرد.

وەزیری دارایی لە دیدارەکەدا ستایشی ڕۆڵی گروپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیلی کرد، کە ماوەی چەندین ساڵە بەشێکی زۆری کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.

 سەبارەت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان، وەزیری دارایی ڕایگەیاند، کە سەرەڕای قەیرانی دارایی چەند ساڵەی هەرێم، بەڵام لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەییەوە پشتیوانی لە داواکارییەکانیان دەکات، چونکە ئەو گروپە لە دۆخە سەختەکاندا بەردەوام بوون لە دابینکردنی کارەبا.

لە بەرامبەردا، ئەحمەد ئیسماعیل سوپاسی وەزیری دارایی کرد بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی لە قۆناغە جیاوازەکاندا پێشکەشیان کردووە.

 بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، گروپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیل خاوەنی سێ وێستگەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، کە بە توانای ٤٠٠٠ مێگاوات، نزیکەی ٦٥٪ـی پێداویستیی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP