دواین هەواڵ

عێراق‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکوەزیرانی عێراق: لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پاشگەز نابمەوە و پارە بەتاڵانبراوەکان دەگێڕینەوە

هەرێم نیوز

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە دوای کۆتایهاتنی ماوەی کابینەکەی، دووبارە خۆی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید ناکاتەوە، جەختیشی کردەوە کە لە پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پاشگەز نابێتەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "شەرق ئەلئەوسەت" ڕایگەیاند، بە توندی بەردەوام دەبێت لەسەر لێپرسینەوە و دژایەتیکردنی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری دارایی عێراقی ڕاسپاردووە بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکیی تایبەت، بە مەبەستی کۆکردنەوە و گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو پارە و سەروەت و سامانە گشتییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەتاڵان براون.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتەکەی لیژنەیەکی پسپۆڕی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەو هێرشانەی کە دەوترێت لە ناو خاک و سنوورەکانی عێراقەوە کراونەتە سەر وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، تاوەکو ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی و وڵاتانی ناوچەکە ڕوونبکرێنەوە.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتایی لێدوانەکانیدا تیشکی خستە سەر نەخشەڕێگەی دیپلۆماسیی داهاتووی وتی، دوای کۆتایهاتنی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەشتێکی هەرێمایەتیی گرنگ ئەنجام دەدات و بە فەرمی سەردانی هەر سێ وڵاتی تورکیا، شانشینی سعۆدیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات بۆ تاوتێکردنی دۆسیە ئابووری و ئەمنییە هاوبەشەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP