دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

موقتەدا سەدر: عەلی زەیدی "سەربازی چاکسازییە" و گەندەڵکاران بەرپرسن لە پاراستنی ژیانی

هەرێم نیوز

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە پشتیوانیی ڕەها و فەرمیی خۆی بۆ هەڵمەتە بەرفراوانەکەی حکومەتی عێراق دژ بە گەندەڵی ڕاگەیاند و بە توندی هۆشداریی دایە ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت بە فشار یان چاوترسێنکردن پرۆسەکە پەکبخەن.

ئەمڕۆ هەینی ٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە وتاری نوێژی هەینیدا کە لە لایەن پێشنوێژی مزگەوتی کوفەوە خوێندرایەوە، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە پەیامێکی گشتگیری ئاڕاستەی شەقامی عێراقی کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە لە ئێستا و لە ڕابردووشدا هەمیشە لە داواکارانی سەرەکیی چاکسازی بووین؛ لەگەڵ گەندەڵکاراندا تەنانەت لە ژێر چەتری خۆشەویستیی ئیمام حسێنیشدا یەکناگرینەوە."

سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد کە بە شێوازێکی ئاشتیانە پشتیوانی لەو هەڵمەتە نوێیە بکەن کە لە عێراق دەستی پێکردووە و ڕایگەیاند: "بە شێوەیەکی ئاشتیانە پشتیوانی لە پرۆسەی چاکسازی و عەلی زەیدی وەک سەربازی چاکسازی بکەن، بۆ ئەوەی هێز و ئیرادەی زیاتری پێ ببەخشین و شکست بە پلانی گەندەڵکاران بهێنین."

واشیکردەوە کە لایەنە زەرەرمەندەکان دەیانەوێت فشار بخەنە سەر سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی دەست لەم هەڵمەتە ئازایانە و بەرهەمدارە هەڵگرێت، کە زۆرێک لە بەرپرسانی ترساندووە و شەقامی عێراقی و دەرەوەشی دڵخۆش کردووە.

گەندەڵکاران بەرپرسیارن لە هەر مەترسییەک
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە درێژەی پەیامەکەیدا، سوپاسی تەواوی ئەو دامەزراوانەی کرد کە هاوکار و هەماهەنگی حکومەتن و وتی: "سوپاسی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکی پەرلەمان و هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە پشتیوانی ئەم پرۆسەیەن."

لە کۆتاییدا، موقتەدا سەدر هۆشدارییەکی توند و یەکلاکەرەوەی دایە نەیارانی ئەم چاکسازییە و ڕایگەیاند: "من لێرەوە تەواوی بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەلامەتیی ژیانی چاکسازیخوازان، عەلی زەیدی (سەربازی چاکسازی) و هەموو ئەوانەی بە فەرمی داوای بنبڕکردنی گەندەڵی دەکەن، دەخەمە ئەستۆی گەندەڵکاران." ئەم هەڵوێستە نوێیەی سەدر بە تەواوی هاوکێشەی پاراستنی سیاسیی حکومەتی ئێستای بەغدا بەهێزتر دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP