هەرێم نیوز
بە تۆمەتی ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆ سەر کچە خوێندکارێکی نەوجەوان، دادگای تاوانەکانی سلێمانی بەپێی بڕیاری ژمارە (١٦١٤/ت/٢٠٢٤) سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بۆ مامۆستایەکی ئامادەیی لە شاری سلێمانی دەرکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی 7ـی 2026، ئاشکرا بوو کە جگە لە سزای زیندانیکردن، ئەو مامۆستایە لە کارەکەشی عەزل کراوە.
وەزارەتی پەروەردە بە نووسراوی فەرمیی ژمارە (٨٠٩٣) لە بەرواری (٢٠/٤/٢٠٢٦) بڕیاری دوورخستنەوەی هەتایی ئەو مامۆستایەی لە کارەکەی دەرکردووە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە ڕۆژی چوارشەممە، 1ـی 7ـی 2026، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە فەرمانی وەزاری ژمارە (١٣٧٠) بڕیاری سزای عەزلکردنی بۆ د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی دەرکرد، کە بەهۆی بابەتی هاوشێوەی پێشێلکاریی ئەخلاقییەوە بووە و ئێستا دۆسیەکە بووەتە جێگەی بایەخی ڕای گشتی.