دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری کۆتایی دا؛ د. عەبدولەتیف ئەحمەد لە زانکۆی سلێمانی دەرکرا

هەرێم نیوز

دوای زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی ورد و بەدواداچوونی یاسایی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری "دوورجستنەوە"ی بۆ د. عەبدولەتیف ئەحمەد مستەفا دەرکرد و بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە کارەکەی لە زانکۆی سلێمانی دوورخرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی تەممووزی ٢٠٢٦، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە فەرمانی وەزاری ژمارە (١٣٧٠)، بڕیاری سەپاندنی سزای "عەزل" (دوورخستنەوەی هەتایی) بۆ د. عەبدولەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی دەرکرد.

بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەت، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەیەکی تایبەتی زانکۆی سلێمانی و بەپشتبەستن بە "یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت" ژمارە (١٤)ی ساڵی ١٩٩١ دەرچووە. هەروەها لە فەرمانە وەزارییەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ڕێکارەکان بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی بەڕێوەچوون و وێنەیەک لە بڕیارەکەش بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێ ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.

لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ پاراستنی پرەنسیپە ئەکادیمییەکان
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت کەیسێکی پەیوەست بە ڕەوشتی ئەکادیمی و مافی خوێندکارانی یەکلاکردووەتەوە و پێشنیازە یاساییەکانیان بۆ پاراستنی شکۆی دامەزراوەکە ئاڕاستەی وەزارەت کردووە. زانکۆ جەختی لەوە کردبووەوە کە وەک دامەزراوەیەکی فەرمی، پابەندی شەفافییەت و ڕێکارە یاساییەکانە لە بەدواداچوونی هەر دەنگۆ یان بابەتێک کە پەیوەندی بە مامۆستا و فەرمانبەرانیانەوە هەبێت.

تۆمەتەکان و وەڵامی ناوبراو
ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین تۆماری دەنگی و نامەی تایبەت لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەوە، کە تێیدا د. عەبدولەتیف ئەحمەد لەگەڵ کچێکدا نامە و قسەی تایبەت ئاڵوگۆڕ دەکات.

د. عەبدولەتیف ئەحمەد، کە یەکێکە لە دیارترین ڕابەرانی ڕەوتی سەلەفییەت لە هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی بە "درۆ و بوختان" ناوبردبوو و داوای کردبوو کە ئەگەر کەسێک سکاڵای هەیە بە ئامادەبوونی کەسوکاری ڕووبەڕووی ببێتەوە و لە دادگا یەکلایی بکرێتەوە. بەڵام دوای دەرچوونی فەرمانی وەزاریی ئەمڕۆ، دەردەکەوێت کە بەپێی بەڵگە و لێکۆڵینەوەکان، ئەو ڕووداوانە لە ڕووی یاسایی و کارگێڕییەوە پشتڕاستکراونەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP