هەرێم نیوز
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ههنگاوێكی نوێدا سهردانی عهلی زهیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و بە فەرمی داوای کرد مووچە و شایستە داراییەکانی زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاوتای دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەو دیدارە گرنگەدا کە لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆی چڕ لەسەر ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان کرا، کە بەهۆی جیاوازیی یاساییەوە لە نێوان ههولێر و بەغدا، کەمتر بوو لە هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پاڵپشتی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەم داواکارییە یاسایی و مرۆییەی شاندی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، کە ئامانج لێی دابینکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ ئەو چینە تێکۆشەرە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی نێو ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ڕێکاری یاسایی و تەکنیکیی پێویست لەو بارەیەوە بگرنەبەر و پڕۆسەی هاوتاکردنی مووچەکانیان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.