هەرێم نیوز
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی مووچەی مانگی شەش و تاوتوێکردنی پرسی سیستەمی ئەسیکۆدا گەیشتە بەغدا. بڕیارە شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و چاودێریی دارایی فیدراڵدا سەبارەت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکان کۆببنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی 7ـی 2026، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، لە بەغدا دەست بە وتووێژەکان دەکات.
تەوەری سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.
هاوکات شاندەکە لەگەڵ لایەنی عێراقی تایبەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) گفتوگۆ دەکەن، کە پەیوەندی بە بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی گومرگییەوە هەیە.
شایانی باسە، هەفتەی ڕابردوو سێ شاندی پسپۆڕی هەرێم بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی شایستە داراییەکان و داهاتی نانەوتی سەردانی بەغدایان کرد و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراقدا بەشدارییان کرد، کە ئەم سەردانەی ئەمڕۆش درێژکراوەی ئەو هەوڵانەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.