هەرێم نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تێیدا پشکی دۆلاری تەرخانکراو بۆ هەر گەشتیارێک لە 3000 دۆلارەوە بۆ 2000 دۆلار کەم کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی 7ـی 2026، بانکی ناوەندی ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە سەرجەم ئەو هاووڵاتیانە دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکانەوە بە مەبەستی گەشتیاری، چارەسەری پزیشکی، خوێندن، یان بەجێهێنانی فەریزەی حەج و عومرە گەشت دەکەن.
بانکی ناوەندی جەختی لەوەکردەوە کە شێوازی وەرگرتنی پارەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و گەشتیار دەتوانێت دوای مۆرکردنی پاسپۆرتەکەی، لە ڕێگەی بانکەکان یان کۆمپانیا ڕێگەپێدراوەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە پشکەکەی وەربگرێت.