دواین هەواڵ

عێراق‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرەسەندنی "هێرشی بەرەبەیان"؛ دەستگیرکردنی دوو بەرپرسی باڵای کارەبای دیوانییە بە تۆمەتی بەرتیل

هەرێم نیوز

کەیسی ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران لە عێراق بەردەوامیی هەیە و لە نوێترین پێشهاتیشدا، زنجیرەی دەستگیرکردنەکان کەرتی کارەبای لە باشووری وڵات گرتەوە.
کڕینی پۆستی حکومی بە بەرتیل

ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە تیمێکی تایبەتی هۆبەی پشکنین و کۆنترۆڵکردن لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیوانییە، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای پارێزگای دیوانییە ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەم هەڵمەتەدا، توانیویانە بەڕێوەبەری فەرمانگەکە و بریکارەکەی بە سەرپێچی دەستگیر بکەن، لە کاتی پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر وەک بەرتیل بە مەبەستی ڕێکخستنی ئاسانکاری و وەرگرتنی پۆستی حکومیی باڵاتر.

دەستەی دەستپاکی هێمای بۆ ئەوەش کردووە، ئەم هەڵمەتە مەیدانییە بە پشتبەستن بە فەرمانی فەرمیی گرتن لە لایەن دادوەرەوە بووە، بەپێی حوکمەکانی ماددەی ٣٠٧ لە یاسای سزاکانی عێراق. تۆمەتبارە دەستبەسەرکراوەکان لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دەبرێنە بەردەم دادوەر بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنە یاساییە پێویستەکان لە دژیان.

بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی "هێرشی بەرەبەیان"
ئەم دەستگیرکردنە نوێیە لە کاتێکدایە، کە لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و بێپێشینە لەژێر ناوی "هێرشی بەرەبەیان" لە سەرانسەری عێراق بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە کەرتی گشتیدا دەستی پێکردووە.

تا ئێستا لە چوارچێوەی ئەم پڕۆسە چڕوپڕەدا، زیاتر لە ٤٧ بەرپرس، پەرلەمانتار و فەرمانبەری پلەباڵای حکومی لە کەرتە جیاوازەکاندا دەستگیرکراون؛ هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا دەست بەسەر دەیان ملیار دینار و ملیۆنان دۆلاری حەشارکراودا گیراوە، بەپێی زانیارییەکانیش پڕۆسەکە هێشتا بەردەوامە و پێدەچێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ناوی گەورەتری تێوەگلاو ئاشکرا بکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP