هەرێم نیوز
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی 7ـی 2026، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنانە دووپات کردەوە کە لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و حکوومەتی عێراقەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەگیرێنە بەر، هاوکات جەختی لەسەر پێویستیی بەدواداچوون بۆ سەرجەم دۆسیەکان بەبێ جیاکاری کردەوە.
فراکسیۆنەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەستگیرکردن و لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا تێوەگلاون، چ لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بن یان یاسادانان، هەنگاوێکی گرنگە.
فراکسیۆنەکە متمانەی خۆی بە دادوەریی عێراق دەربڕی و داوای کرد بەیاننامەکانی پەرلەمان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بگۆڕدرێن بۆ ڕێوشوێنی کردەیی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا، ئاماژە بەوە کرا کە فراکسیۆنەکە لە سەرەتای خولی پەرلەمانەوە کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پێشکەش کردووە، هەروەها ستایشی هەنگاوەکانی پێشووی حکوومەتی کرد لە ڕووی توندکردنەوەی چاودێری لەسەر حەواڵە داراییەکان و ڕێوشوێنە باجییەکان.
فراکسیۆنەکە جەختی لەسەر گرنگیی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت کردەوە، بەتایبەتی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، و ئامادەییی خۆی بۆ دەنگدان بە کاندیدەکانی سەرۆکوەزیران نیشان دا.
لە کۆتاییدا، فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوونی هەر جۆرە ناکۆکییەکی لە ناو ڕیزەکانیدا ڕەتکردەوە و هۆشداری دا لە "جەنگی ڕاگەیاندن" کە ئامانجی شێواندنی دیمەنی سیاسییە.
شایانی باسە، ئەم هەڵوێستەی فراکسیۆنەکە لە کاتێکدایە کە هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردن لە عێراق دەستی پێ کردووە و چەندین بەرپرسی باڵا، لەوانە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئیداری، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراون.