هەرێم نیوز
پەردە لەسەر زانیارییەکی هەواڵگریی یەکجار هەستیار لادەدرێت کە باس لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی کۆشکی سپی دەکات بۆ ڕاگرتنی زنجیرەیەک لێدانی سەربازی و ئەمنیی گەورەی تەلئەڤیڤ لە دژی لوتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئامانجه کانی ئیسرائیل و ڤیتۆی ئەمریکا
ئەمڕۆ هەینی ٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای واشنتنەوە ڕاپۆرتێکی مێژوویی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پلانێکی تۆکمەیان داڕشتبوو بۆ لێدان و تیرۆرکردنی هەریەکە لە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە توندی هاتووەتە سەر هێڵ و ڕێگریی لە جێبەجێکردنی پلانەکە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە، ئەم هەوڵە ئەمنییەی ئیسرائیل ڕێک لەو کاتەدا بووە کە واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی دەوڵەتانی کەنداودا، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی دانوستانی نهێنی و چڕ بوون بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەی ڕێککەوتنی ئاشتی و وەستاندنی شەڕ. ئیدارەی ترەمپ ترسی گەورەی هەبووە کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی تاران، پرۆسەی دیپلۆماسی بە تەواوی پەکبخات و کۆنترۆڵی دۆخەکە لەدەستبچێت و ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گشتگیر و وێرانکەر ببات.
هۆشداریی نهێنیی واشنتن بۆ تاران
نیویۆرک تایمز پەردەی لەسەر لایەنێکی تری ئەم دۆسیە هەواڵگرییە لادا و ئاشکرای کرد کە ئاستی هاوکارییەکە چۆن بووە. واشنتن تەنیا بە ڕێگرییکردن لە ئیسرائیل نەوەستاوەتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی کەناڵە دۆستانەکانی وڵاتانی ناوچەکەوە (بە تایبەت قەتەر) پەیام و هۆشداریی بەپەلە و پێشوەختی گەیاندووەتە تاران.
ئەمریکا لەو پەیامەدا بە ڕوونی بەرپرسانی ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە کە محەمەد باقر قالیباف و عەباس عێراقچی لە ناو لوتکەی لیستی ئامانجە سەربازی و هەوڵگرییەکانی ئیسرائیلدان، ئەمەش وایکردووە تاران ڕێکاری ئەمنیی توند بۆ پاراستنیان بگرێتەبەر تا کاتی پێگەیشتنی دانوستانەکان.