هەرێم نیوز
ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سوور بەرەوپێشچونی نوێی سەربازی بەخۆیانەوە دەبینن، ئەمەش دوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی یەمەن لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە.
بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەکانی سعوودیە لە سەنعا
ئەمڕۆ هەینی ٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی گرووپی حووسییەکانی یەمەن (ئەنساڕوڵڵا) لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا دۆخێکی ئەمنیی هەستیاری ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی یەمەن لە ئاسمانی پایتەخت ڕووبەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە بوونەتەوە.
بەپێی گوتەی یەحیا سەریع، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی سعوودیە سنووری ئاسمانیی یەمەنیان بەزاندووە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا، بەڵام بەرگریی ئاسمانیی سەنعا بە سەکۆ مووشەکییەکانی کتوپڕ هێرشی کردووەتە سەریان و ناچاری کشانەوەی خێرای کردوون.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "مەسیرە"ی زمانحاڵی حووسییەکان، سەرەڕای هەوڵە سەربازییەکەی سعوودیە، فڕۆکە ئێرانییەکە توانیویەتی بە سەرکەوتوویی لە فڕۆکەخانەی سەنعا بنیشێتەوە کە زیاتر لە ٢٠٠ سەرنشینی نەخۆش و برینداری یەمەنی تێدا بووە کە لە دەرەوە گەڕێنراونەتەوە.
دواتر هەمان فڕۆکە، شاندی فەرمی و سیاسیی حووسییەکانی گواستووەتەوە بۆ تاران بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی هاوخەمی و پرسەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆچکردووی ئێران.
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان جەختی کردەوە کە گەشتە ئاسایی و مەدەنییەکانی نێوان سەنعا و تاران بێ گوێدانە ئەنجام و لێکەوتە سەربازییەکان بە بەردەوامی دەمێننەوە.
هۆشداریی لێدانی فڕۆکەخانەکانی ناوخۆی سعوودیە
یەحیا سەریع لە کۆتایی پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی یەکجار توند و ئاشکرای ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی ڕیاز کرد و ڕایگەیاند، هەر هەوڵێکی تری بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان و ڕێگریکردن لە گەشتە مەدەنییەکان، لە لایەن ئەوانەوە بە وەڵامێکی گشتگیر و وێرانکەر ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
سەریع جەختی کردەوە کە لە ڕێگەی هێزە زەمینی و دەریایی و مووشەکییەکانیانەوە، ڕاستەوخۆ فڕۆکەخانەکانی ناوخۆی سعوودیە و بەرژەوەندییە ژێرخانی و ئابوورییە گرنگەکانی ئەو وڵاتە دەکەنە ئامانج.
جێی باسە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی یەمەن لە ساڵی ٢٠١٥، حووسییەکان بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی و درۆن چەندین جار لێدانی قورسیان لە کێڵگە نەوتییەکانی ئارامکۆ و ژێرخانەکانی تری سعوودیە داوە.