دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

حکومەتی عێراق بە تاران: نابێت قائانی کۆبوونەوەی نهێنی لە بەغدا ئەنجام بدات.

هەرێم نیوز

حکومەتی عێراق بە فەرمی دوو داواکاریی تارانی سەبارەت بە لێخۆشبوون لە کەسایەتییە گەندەڵکارەکان و دواخستنی وادەی چەککردنی میلیشیاکان ڕەت کردەوە و تارانشی ئاگادار کردەوە کە چیتر نابێت سەردانە نهێنییەکان بەردەوام بن.

ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاوی کردەوە، دوای سەردانە نهێنییەکەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ بەغدا، بەرپرسانی عێراق داواکارییەکانی ئێرانیان بۆ لابردنی ناوی ئەو بەرپرس و کەسایەتییانە ڕەت کردووەتەوە کە بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی لە لیستی دەستگیرکردنی دادوەریدا ناویان هاتووە و پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ تاران هەیە.

هەروەها، بەغدا داواکاریی تاران بۆ گۆڕانکاری لە پلانی حکومەت سەبارەت بە کۆکردنەوەی چەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت ڕەت کردووەتەوە، کە بڕیارە ٣٠ـی ئەیلول وەک دوا وادە بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە جێبەجێ بکرێت.
پەیامی توندی بەغدا بۆ تاران:

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکومەتی عێراق بە ڕاشکاوی تارانی ئاگادار کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئێران نابێت کەناڵە دیپلۆماسییە فەرمییەکان تێپەڕێنن و چیتر ڕێگە بە سازدانی دیدار و کۆبوونەوەی نهێنی لە بەغدا نادرێت، کە ئەمە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەردانەکانی قائانی.

ڕاوێژکارێکی باڵای سیاسی لە بەغدا ڕای گەیاندووە، عێراق نەیدەتوانی وەڵامی ئەو داواکارییانە بداتەوە، چونکە پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵێنەکانی عێراقە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و کۆنترۆڵکردنی ئەو چەکانەی کە ئاسایشی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP