هەرێم نیوز
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی فەرمیی پیرۆزبایی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە ناوبراو سەرکردەیەکی نێودەوڵەتی و خاوەن دیدگایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی مەدالیای ڕێزلێنانی باڵای "ئەستێرەی ئیتاڵیا" بە پلەی "سوارچاکی خاچی مەزن" و ئاماژەی بەوە کرد: "بەندە و هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە نێچیرڤان بارزانی دەناسن، شاهیدی بۆ دەدەن کە هەمیشە هەوڵ دەدات کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکات."
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە درێژەی پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوچەکە و جەختی کردەوە، کە ئەم شێوازە حەکیمانەیەی سیاسەتکردنی سەرۆکی هەرێم بۆ دۆخی ئێستای کوردستان، عێراق و تەواوی ناوچەکە، کە پڕە لە ململانێ، قەیران و ناکۆکیی توند و ناپێویست، مۆدێلێکی زۆر گرنگ و پێویستە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ نێچیرڤان بارزانی خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە دیپلۆماسی و نیشتمانییەکانیدا و وەرگرتنی ئەم مەدالیا باڵایەی وەک شایستەییەکی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان لە قەڵەم دا.