دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمەڵی دادگەری: داوا لەسەرۆکی هەرێم دەکەین پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و وادەیەکی نوێ و خێرا بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات

هەرێم نیوز

بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، سەرجەم دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی خۆیان لەدەست داوە، بۆیە داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی 7ـی 2026، بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە ساڵ و حەوت مانگ بەسەر دوایین کۆبوونەوەی پەرلەماندا تێپەڕیوە و دانیشتنەکە بە کراوەیی ماوەتەوە، حکوومەتی هەرێمیش ماوەی سێ ساڵە کاربەڕێکەرە و بە فەرمان بارگرانیی دارایی بۆ هاووڵاتیان دروست کردووە.

 بەیاننامەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان وەرگیراونەتەوە و ئەنجومەنە شارەوانییەکانیش ماوەی یاساییان بەسەرچووە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەری ڕەخنەی لە دەسەڵاتی دادوەری گرتووە و ئاماژەی بەوە داوە کە لەبری دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکان، کارەکانی باڵاترین دەستەی دادوەری لەلایەن بەشێک لە دادوەرانەوە بەرەو پەککەوتن دەبرێت. 

لە کۆتاییدا، کۆمەڵی دادگەری داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە بەپێی دەسەڵاتەکانی، بڕیار بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدات تا لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعیەت بۆ دامەزراوەکان بگەڕێتەوە و سەروەریی یاسا بچەسپێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP