هەرێم نیوز
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی پەیامێکی پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی پێبەخشینی باڵاترین نیشانەی رێزلێنانی مەدەنیی کۆماری ئیتاڵیا، کە "مێدالیای سوارچاکی خاچی مەزن"ـە.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە مەزنە، کە راستەوخۆ بە بڕیاری سەرۆککۆماری ئیتاڵیا دەبەخشرێت، بەڵگەیەکی روونە لەسەر سیاسەتە ناوازەکەی هەرێمی کوردستان کە بووەتە نیشتمانی ئارامی، پێکەوەژیان، لێبووردەیی و سەقامگیری.
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە سەرتاسەری جیهانەوە شانازی بەم دەستکەوتە دیپلۆماسییەوە دەکەن و جەخت دەکەنەوە کە بینینی ناوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ریزی ئەو سەرکردانەی جیهان کە ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە، سەلمێنەری سەرکەوتنی هەوڵە بەردەوامەکانی ناوبراوە لەپێناو گفتوگۆ، ئاشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەورووپا.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، کۆنفیدراسیۆنەکە هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ نێچیرڤان بارزانی خواستووە لە خزمەتکردنی زیاتری گەل و نیشتمان و بەرزکردنەوەی ناوی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.