هەرێم نیوز
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کونسولی گشتیی ژاپۆن و ڕاوێژکاری سیاسیی هێزەکانی ئەڵمانیا، پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی تاوتوێ کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ بیانوویەکی یاسایی و سیاسی بۆ دواخستنی ئەو پرسە نەماوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی 7ـی 2026، هێمن هەورامی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە دیداری جیاوازدا لەگەڵ هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسولی گشتیی ژاپۆن و خاتوو لویسیا، ڕاوێژکاری سیاسیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کردووە.
هەورامی ئاماژەی بەوە دا کە پارتی وەک هێزی یەکەمی براوە، لە ماوەی 20 مانگی ڕابردوودا سەرجەم هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و کاراکردنەوەی پەرلەمان خستووەتە گەڕ.
راشیگەیاند: "ئێستا هیچ بیانوویەکی سیاسی، یاسایی و نیشتمانی بۆ کارانەبوونی پەرلەمان نەماوە؛ بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کە نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، لەبەردەم بەرپرسیارێتی و تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەی مێژووییدان."
لە کۆتاییدا، هێمن هەورامی ئامادەیی تەواوی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەربڕی و وتی: "ئەگەر هەر لایەنێکی دیکە بەپێی هەر ڕێککەوتنێک یان ڕێکارێکی دیکە خۆی بە خاوەن زۆرینە یان هاوشانی کورسییەکانی پارتی دەزانێت، با بێتە ناو پەرلەمانێکی کاراوە و لەوێدا درێژە بە گفتوگۆ سیاسییەکان بدەین."
هەروەها هۆشداریی دا کە هەر جۆرە خۆدزینەوەیەک لەم پرسە، بە واتای فەرامۆشکردنی دەنگی دەنگدەران و بە بارمتەگرتنی پەرلەمانی کوردستان دێت.