هەرێم نیوز
به ئامانجی کەمکردنەوەی ڕۆتین و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی تەواو بۆ بازرگانان، بە فەرمی نووسینگەی پێشانگا و خزمەتگوزاریی بازرگانی لە مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان کرایەوە.
دوێنێ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، بە ئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان و بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی گەرمیان، نووسینگەی پێشانگا و خزمەتگوزاریی بازرگانیی گەرمیان لە ناو مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخاندا کرایەوە.
کردنەوەی ئەم نووسینگەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی سەر شانی بازرگانانی ناوچەکە؛ چونکە لە ماوەی ڕابردوودا بازرگانان بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی فەرمیی بازرگانی پێویست بوو سەردانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام لەمەودوا دەتوانن ڕاستەوخۆ و پاش تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، مۆڵەتی بازرگانی لە خودی مەرزی پەروێزخان بەدەستبهێنن.
پاش کردنەوەی نووسینگەکە، نەوزاد کامل مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی گەرمیان، تیشکیان خستە سەر گرنگیی ستراتیژیی ئەم هەنگاوە و جەختیان کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکی گەورە بە خەڵکی ناوچەکە دەکات و دەبێتە هۆی گەشەپێدان و چالاککردنی زیاتری پڕۆسەی بازرگانی لە مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخاندا.