دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشەوا هەورامانی: مەسرور بارزانی ئیرادەی چاکسازیی خستە سەرووی هەموو بەربەست و قەیرانە دروستکراوەکانەوە

هەرێم نیوز

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشک دەخاتە سەر دۆنیابینیی سەرۆک وەزیران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و ڕایدەگەیەنێت، کابینەی نۆیەم بە پڕۆژەی ستراتیژی و کردار وەڵامی ئاستەنگەکانی دایەوە.

 بنیاتنان لەبری دروشم؛ شۆڕشی ڕێگەوبان و ئاسایشی خۆراک
ئەمڕۆ هەینی ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٦، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم بە سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە ڕوونی نیشانی دا کە ئیرادەی بنیاتنان و چاکسازی لەسەرووی تەواوی بەربەستەکانەوەیە. هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێم لە جیاتی پشتبەستن بە دروشمی میدیایی، بە پڕۆژەی ستراتیژی و درێژخایەن وەڵامی ئاستەنگەکانی دایەوە و توانی بنەمایەکی یەکجار بەهێز بۆ ئایندەی ئابووری و کارگێڕیی هەرێمی کوردستان دابڕێژێت.

گوتەبێژی حکومەت باسی لەوەش کرد، لەسایەی دۆنیابینیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئێستا هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە لە زامنکردنی مەلەفی ئاسایشی خۆراک و داڕشتنی سیاسەتێکی ورد و زانستی بۆ ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو. جەختیشی کردەوە کە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتوگوزار لەم کابینەیەدا چوونەتە قۆناغێکی نوێ و پێشکەوتووەوە، هاوکات کەرتی ڕێگەوبان و دروستکردنی شەقامی نوێ لە سەرتاسەری کوردستان بە جۆرێک گۆڕانکاریی ڕیشەییان بەسەردا هاتووە کە لە مێژووی هەرێمدا وێنەی نەبووە.

پیلانی بڕینی بودجە و گەشەسەندنی کوردستان
پێشەوا هەورامانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا پرسیارێکی ئاڕاستەی ڕای گشتی و تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان کرد و وتی: "بیهێنە بەرچاوت وەک تاکێکی ئەم وڵاتە، ئەگەر دژایەتی، ڕێگری، بڕینی بودجە و شایستە داراییەکان و ئەو هەموو قەیرانە دروستکراوانە لەبەردەم کابینەی نۆیەمدا نەبوونایە، ئێستا ئێمە لە چ قۆناغێکی پێشکەوتوودا دەبووین و ئاستی گەشەسەندنی وڵاتەکەمان لە چ ئاستێکی باڵادا دەبوو؟" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە سەرڕای بەربەستە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، کاروانی ئاوەدانیی کابینەی نۆیەم نەوەستاوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP