دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

هێمن هەورامی: پارتی ئامادەیە هەرچی زووتر پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە

هەرێم نیوز

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە هیچ بیانوویەکی سیاسی بۆ دواخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان نەماوە و پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی خۆیان هەڵبگرن.

کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە جانێت ئەلبێرتا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کران.
هێمن هەورامی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: "پاش تێپەڕبوونی ٢٠ مانگ بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەڕێوەچوونی دەیان کۆبوونەوەی دووقۆڵی و فرەلایەنە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، هەموان گەیشتووینەتە قۆناغێک کە هیچ بیانوویەکی سیاسی بۆ پەکخستنی دامەزراوەی یاسادانان نەماوە."

ئاماژەی بەوەش کرد، کە واژۆکردنی ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای چەسپاندنی هاوبەشی و سازانی نیشتمانی بووە، بۆیە ئێستا کاتی جێبەجێکردنیەتی.

پارتی ئامادەیە و داوای گفتوگۆی پەرلەمانی دەکات
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی حزبەکەی کردەوە و ڕایگەیاند: "وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەین بە زووترین کات دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکەنەوە. سەرجەم ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی کە ئەندامی پەرلەمانیان هەیە، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی سیاسی، یاسایی و نیشتمانیدان بەرامبەر بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان."

هێمن هەورامی دووپاتی کردەوە کە پارتی خوازیارە کاراکردنەوەی پەرلەمان بە بێ دواکەوتن ئەنجام بدرێت، تاوەکو تەواوی گفتوگۆکان لەسەر هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکانی تری هەرێم بە شێوازێکی دیموکراسیانە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا بخرێنەڕوو و بڕیاریان لەسەر بدرێت.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP